سبەینێ لە ھەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٣
پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەبەر ھەبوونی بەڵگەی شەرعی پێویست و بینینی مانگ لە ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە سبەینێ وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز دیاری بکەن.
لە عێراقیش دیوانی وەقفی سونە کردی بە جەژن و نوسینگەی ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەکانی عێراق رایگەیاند، سبەینێ تەواوکەری مانگی رەمەزانە و رۆژی شەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
ھاوکات سعودیە و تورکیا و قەتەر و چەند وڵاتێکی تری ئیسلام سبەینێیان کردە جەژن و ئێران و چەند وڵاتێکی تریش رۆژی شەممەیان وەک یەکەم رۆژی جەژن دیاریکرد.