دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن:

رونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە 
 
لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا بەڕێز هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان باسی دیارنەمانی پارەی سلێمانی و باسی جۆرە پسوڵەیەک دەکات کە گوایە تەزویرکراوە لە بەڕێوەبەرایەتی وێستگەی کێش لە سلێمانی کە سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنە، ئێمە وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە رەتدەکەینەوەو لەرێی ئەم رونکردنەوەیەوە بۆ رایگشتی ئاشکرا دەکەین؛  

1. بابەتی دیارنەمانی پارەو ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە باسی کردوە هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەرایەتی وێستگەکانی کێشی سەر بە وەزارەتمانەوە نیەو زانیارییەکانی ئەو بەڕێزە دروست نیەو پسوڵەی (38آ) پسوڵەی غەراماتی هاتوچۆیەو سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، ئەوەی پەیوەندی بە وێستگەکانی کێشەوە هەیە پسوڵەی (37آ)ە کە جۆرێکە لە رسومات. 

2. پەیوەست بەو بابەتەش دیوانی چاودێری دارایی بە دورو نزیک باسی وێستگەکانی کێشی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی نەکردوە.

3. بۆ بەرچاوڕونی رایگشتی، ئەو کێشەیەی باس دەکرێت کە وەک ئەو بەڕێزە دەڵێت «پسوڵە تەزویر کراوە» لە پسوڵەی غەراماتی هاتوچۆ بوە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیەو لەئێستادا لە دادگایەو لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدایە، ھیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەرایەتی وێستگەکانی کێش و وەزارەتمانەوە نیە.
 
 
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجکردن 
20/4/2023