لوقمان وەردی، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، سەرۆکی حکومەت لەلایەک وەفد دەنێرێت بۆ گفتوگۆ و بەحساب بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ تیمی یەکێتی، بەڵام لەلایەکی تر ھێرشێکی توند دەکاتەسەر ھاوبەشێکی راستەقینەی خۆی لە حکومەت.

دەشڵێت، سەرۆکی حکومەت نیەتی ئاشتەوایی نییە و لەسەرەوە قسەیەک دەکات و لەژێرەوە ھەڵسوکەوتەکانی بەشێوازی تێکدانی ناوماڵی کوردە و لەکاتی دەستپێکردنەوەی ھەوڵەکانیش بۆ لێکنزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتی، ھەر ئەوان لەسەرەوە قسەیەک دەکەن و لەژێرەوە بۆمبێک دەتەقێننەوە بۆ لەباربردنی ھەوڵەکان.

لوقمان وەردی راشیگەیاند، ئەو قسانەی رۆژی یەکشەممە سەرۆکی حکومەت کردی، بۆ تێکدانی کۆبوونەوەکەی وەفدی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی بووە و پێش ھەموو کەسێک قسەکانی ھێرشبوون بۆ سەر ئەو وەفدەی ناردنی بۆ لای جێگری سەرۆکی حکومەت.