بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، بڕیارە سبەینێ حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت کۆبنەوە بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت.

ھاوکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان ئاماژەی بەوەکرد، پرسی نەوت تەنھا بابەتی تەکنیکی ماوە و ئەم ھەفتەیە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و لەبارەی دەستپێکردنەوەی نەوت پەیامیان بۆ حکومەتی تورکیا ناردووە.

وتیشی، دابینکردنی مووچەی ھەرێمی کوردستان ئەرکی ئەوانە و پابەندن بە دابینکردنی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بەھای دیناریشەوە رایگەیاند، لە چەند ھەفتەی کەمی داھاتوودا بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزدەبێتەوە.

دوێنێ کوردسات نیوز ئاشکرایکرد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق شەممەی رابردوو لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی جەختیکردووەتەوە کە لەم رۆژانەدا ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە کە لە ٢٥ ی ئازاری رابردوەوە راگیراوە.