تەرمی دوو کۆڵبەر لە بەنداوی کێلێی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرانەوە
١٥ی نیسانی ٢٠٢٣
مەجید ئیمامی سەرۆکی تیمی ئۆفرۆدی سەقز رایگەیاند، بە ھەوڵ و ھاوکاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و مانگی سوری شارەکانی بانە و سەقز و مەریوان و بۆکان و سنە، توانیویانە تەرمی دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ئەفشین فەلاحی تەمەن ٢٢ ساڵ و مەھدی رەحمەتی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە بەنداوی کێلێی بانە بدۆزنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەرھێنانەوەیان لە بەنداوی کێلێ، تەرمی ئەو دوو کۆڵەبەرە رەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی بانە کراون و دوای توێکاری، تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێتەوە.
ئەو دوو کۆڵبەرە رۆژی پێنجشەممە ٦ی ئەم مانگە لەکاتی پەڕینەوەیان بە بەلەم لە بەنداوی کێلێی بانە سەر بە پارێزگای سنە، بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت و خنکان.


