ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی ئیدانەی ھێرشکردنەسەر پارێزەرەکەی ھەولێر دەکات
کوردسات نیوز
١٥ی نیسانی ٢٠٢٣
دەقی بەیاننامەکە...
بەیاننامەی ناوەندی کاروباری یاسایی ( ی.ن.ک) سەبارەت بەڕفاندن و ئەشکەنجەدانی
پارێزەر (محەمەد یابە سۆفی)
بەناوی ناوەندی کاروباری یاساییەوە زۆر بەتوندی سەرکۆنەی ئەو تاوانە قێزەوەنە دەکەین کە لە شاری ھەولێر لەلایەن چەند کەسێکی لە یاسا دەرچوو بە درندانەترین شێوە بەرامبەر بەپارێزەری راوێژکار (محمد یابە سۆفی) ئەنجامیانداوە.
دیارە ئەم تاوان و تیرۆری کەسایەتییە بەرامبەر پارێزەری ناوبراو ئەنجام نەدراوە بەتەنھا، بەڵکو دەستدرێژی کردن بووە بۆ سەر کۆی دەسەڵاتی دادوەریی و سەروەری یاسا لەھەرێمدا، ھەروەک لە ماددەی (۲۲) یاسای کاری پارێزەرایەتی دا بەڕونی ھاتووە (دەستدرێژی کردنە سەر پارێزەر وەک دەستدرێژی کردنە سەر دادوەر وایە ).
ھەر بۆیە داواکارین لەسەندیکای پارێزەران و ھەرسێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێم ھەڵوێستی جدییان ھەبێت بەرامبەر بەسزاگەیاندنی بکەرانی ئەو تاوانە، تاوەکو تاوانی لەوجۆرە دوبارە نەبێتەوە .