ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە گواستییەوە، تا ئێستا کارپێکەری بۆرییە نەوتییەکان ھیچ ئاگادارکردنەوەیەکی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم پێنەگەیشتووە.

دوو سەرچاوەی دیکە دەڵێن، بەغداد تا ئێستا داوای لە تورکیا نەکردووە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێبکاتەوە.  

بەپێی ئاژانسەکە، تورکیا بەر لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم، دەیەوێت دانوستانی راستەوخۆ بکات سەبارەت بە بابەتی قەرەبووکردنەوەکە کە بڕەکەی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە  کە دەبێت بیداتەوە بە عێراق، ئەوەش دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی پەکخستووە.

ھاوکات دوو لێپرسراوی کەرتی نەوت ئاماژەیان بەوەکردووە، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" چاوەڕێی کۆتایھێنانە بە ھەندێک بابەتی تەکنیکی گرنگ، بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سەروشتییەکانی ھەرێم.