بەشدار حەسەن بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تۆمەتێکی نوێیان بۆ سزادراو شێروان شێروانی دروستکردووە کە گوایە لە بری سزادراو گوھدار زێباری پەنجەمۆری لەسەر داواکارییەک کردووە بۆ گواستنەوەیان لە چاکسازی ھەولێرەوە بۆ چاکسازی سلێمانی.

رونیشیکردەوە،  پێشوەختە زیندانیانی بادینان رێککەوتبوون لەھەر بڕیارێکی پەیوەست بە کەیسەکەیان یەکدەنگ بن و لەئەگەری سزادانی ھەریەکێکیان و لێکجیاکردنەوەیان و دەنگ بەیەکنەگەشتنیان لەھەر پرسێک بڕیاریان یەکە و دەکرێت لەبری یەک بڕیار بدەن.

"بەشدار حەسەن" دەڵێت، ھەروەھا لەم کەیسەدا شێروان شێروانی ھیچ زەرەری بە بەرژەوەندی گشتی نەگەیاندووە، لەبەر ئەوەی سەنەدی رەسمی یان نوسراوێکی ساختە نەکردووە، بەپێچەوانەو لەپێناو بەرژەوەندی ھاوڕێکەی بووە و پێشتر خۆی رێگەی پێداوە.

ئاماژەی بەوەشدا، چەندین جار تیمی پارێزەران و بەر لە ئازادبوونی سێ لە زیندانیانی بادینان ھەریەک لە "ئەیاز کەرەم" و "ھاریوان عیسی" و "شڤان سەعید"، پارێزەران سەردانی ئیدارەی چاکسازی و بەشی یاساییان کردو پێیانڕاگەیاندن کە ھیچ دۆسیەیەکیان لەسەر نەماوە، کەچی ئێستا ھەر رۆژەو کەیسێکی نوێیان بۆ دروستدەکرێت بۆ ئەوەی سزابدرێن و ئازاد نەکرێن، ئەمەش جێگای پرسیارە لەسەر دەسەڵات.