بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە یادی ٣٥ ساڵەی جینۆسایدی ئەنفال
کوردسات نیوز
١٤ی نیسانی ٢٠٢٣
دەقی بەیاننامەکەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ...
کەس و کاری سەربەرزی شەھیدان...
(٣٥) سی و پێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بەفەرمانی راستەوخۆی سەرانی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە عێراق، گەورەترین و بەرفراوانترین شاڵاوی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدکردنی دژ بە گەلی کوردستان ئەنجامدا.
ئەنفال یەکێک بوو لە و زنجیرە پلانە دڕندانانەی دوژمنانی گەلەکەمان بۆ قڕکردنی نەژاد و ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەییمان لەسەر خاک و زێدی ڕەسەنی خۆمان.
ڕژێمی بەعسی ڕووخاو کە دارێژەر و جێبەجێکاری ئەو بەرنامەیەبوو، جگەلە تەختکردن و وێرانکردنی دێھاتەکان و ئەنفالکردنی خەڵکەکەی و کۆکردنەوەی ھاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا، بەعس جگە لەپاکتاوی جەستەیی گەلەکەمان، کەلتور و زمان و ژینگە و سروشتی کوردستانیشی جینۆسایدکرد، بەو ئامانجەی جارێکیتر خاک ئاو و ھەوای کوردستان جێگەیەکی شیاو نەبێت بۆ ژیان،
بەڵام کەمتر لە (٣) سێ ساڵ دوای ئەو شاڵاوە دڕندانەیە و لە ئازاری ساڵی ١٩٩١ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەسەرجەم چین و توێژەکانەوە ڕاپەڕین و لە چەند رۆژێکدا تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستانیان لە بەعس پاککردەوە و بۆ ھەتاھەتایە کۆتاییان بە زوڵم و ستەمی چەندین ساڵەی ئەو رژێمە ھێنا کە ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید و سەدان تاوانی دژبەمرۆڤایەتیان دژ بە گەلەکەمان ئەنجامدابوو.
کەس و کاری قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال
لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەھێنینەوە کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتنی دادگاکەیان لەسەر کەیسی ئەنفال، دواجار لە ڕۆژی ٢٤/٦/٢٠٠٧ پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەکانی دادگاو وتەی شایەد حاڵەکان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەکان گەیشتە ئەو بڕیارەی کە پڕۆسەکانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، ھەر بۆیە کۆی پڕۆسەکەی بە جینۆساید ناساندو بڕیاری بە سزا گەیاندنی ئەنجامدەرانیشیدا.
بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەھیدەکانمان لە مەرگەساتەکانداو بە تایبەتیش یادی شەھیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەھیدانی ئەو کارەساتە دەکاتەوە و یادو بیرەوەریان بەرز و پیرۆز ڕادەگریت،بۆئەمساڵیش بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەھیدانمان دیدارێکی گرنگ لەشاری ھەولێر بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی ھەرێم و عێراقی فیدڕاڵ و ئەکادیمیان و توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی ئەنجام دەدات.
کەس و کاری سەربەرزی شەھیدانی جینۆساید و تاقانەکانی جینۆساید..
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان وەک ئەرکێکی سەرەکی بەردەوامە لەھەوڵەکانی بۆ زیاتر ناساندنی کەیسە جیاوازەکانی جینۆساید کە دەرھەق بە گەل و خاک و ژینگەی کوردستان کراوە، ویست مەرامی وەزارەت ئەوەیە کە ئەم تاوانانە لە ناوەندە جیھانی و نێودەوڵەتیەکان زیاتر بناسێنێت، ھاوکات ھەموو توانا و ھەوڵەکانیشمان دەخەینەگەڕ و پەرۆشی ئەوەین کە خزمەتی زیاتری کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی جینۆساید بکەین، چونکە شایانی ئەوپەڕی خزمەتکردنن، ھەر بۆیە جارێکی تریش جەخت لەسەر داواکاری ڕەوای خەڵکی کوردستان و کەسوکاری قوربانیان دەکەینەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (١٣٢)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەرکە یاسایی و دەستووریەی خۆی ھەستێت و لە ھەمان کاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکۆژیانە لە عێراقی نوێدا ھەرگیز دووبارە نابێتەوە.
نەمریی بۆ شەھیدانی ئەنفال و سەرجەم شەھیدانی کوردستان...
سەربەرزی بۆ خانەوادە کانیان...
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان
١٤ / ٤ / ٢٠٢٣