لافاو زیانی بە چەندین ماڵ و شوێن لە ھەرێمی کوردستان گەیاندووە
هیوا
١٣ی نیسانی ٢٠٢٣
پەیامنێری کوردسات نیوز لە قەزای خەباتی سنوری پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی بەرگری شارستانی لە خەبات بەھۆی لافاوەکەی شەوی رابردوو، لانیکەم ٣٠ دوکان لە ناوچەی پیشەسازی و ١٥ ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
لای خۆیەوە بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی دھۆک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە پارێزگای دھۆکیش لافاو زیانی بە ماڵ و دوکانی ھاووڵاتیان گەیاندووە، بەجۆرێک لە قەزای شێخان ١٥ ماڵ، لە ئامێدیش ١٦ ماڵ و چوار ئۆتۆمبێل بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە سنوری قەزای ئاکرێش دەیان ماڵ لە ھەردوو گەڕەکی شۆڕش و ئاڵا زیانیان بەرکەوتووە، ھەروەھا لافاو و بارانبارینی زۆر زیانی بە ھاوینەھەواری سیپا و تەکیەی شێخ عەبدولعەزیزی گەیلانی گەیاندووە.
لەسنوری پارێزگای سلێمانیش بەھۆی شەپۆلی بارانبارینەوە ژمارەیەک ماڵ و دوکان و ئۆتۆمبێلی ھاوڵاتیان زیانیان بەرکەوت و لە چەند شوێنێکیشدا ئاستەنگی ھاتووچۆ دروستبوو.