عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەغداد پەلەی نییە لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم، ھۆکارەکەشی ئەوەیە بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمەوە، نرخی نەوت لە جیھاندا نزیکەی ١٠ دۆلار بەرزبووەتەوە و بەھۆیەش عێراق لەو نەوتەی دەیفرۆشێت رۆژانە ٣٤ ملیۆن دۆلار قازانج دەکات.

باسی لەوەشکرد، ئەوەی زیانمەندە لەمکاتەدا ھەرێمی کوردستانە، بۆیە دەبێت حکومەت پەلەبکات لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای پاریس، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران گەرەنتی بکرێت، چونکە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، تا پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەغداد پارە بۆ ھەرێم نانێرێت، بۆیە پێدەچێت گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران دروستببێت.

لەبارەی گواستنەوەی نەوتی ھەرێمیش، عەلی حەمەساڵح ئەوەی خستەڕوو، ٦٠%ـی پشکی بۆری نەوتی ھەرێم لەلایەن کۆمپانیای روسنەفت و ٤٠%ـی دیکەشی لەلایەن کۆمپانیای کارەوە خاوەنداریەتی دەکرێت، بەوھۆیەش ئەو دوو کۆمپانیایە تەنھا لە ساڵی ٢٠٢١دا ٨٣٠ ملیۆن دۆلاریان لەبەرامبەر کرێی گواستنەوەی نەوت وەرگرتووە و تورکیاش ٤٣٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، واتە ١٥%ـی کۆی داھات بۆ گواستنەوەی نەوت بووە، بۆیەش بەغداد نایەوێت بچێتەژێرباری ئەو خەرجییە زۆرەوە.