وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەک ئاماژەی بەوەکردووە، ھەرێمی کوردستان چەندین ساڵە میوانداریی سەدان ھەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دەوروبەر دەکات و حکومەتی ھەرێم بە سینگفراوانییەوە، ھەوڵی یارمەتیدان و بەھاناوەچوونی ئاوارەکانی داوە و ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە میوانداریی ئاوارەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە خستووەتەڕوو، ھەمیشەش لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغداد، باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ژیانی ئاوارەکان و خەڵکی ناوچەکە.

راشیگەیاندووە، جێگەی داخە وەزیری کۆچ و کۆچبەران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبری ئاماژەدان بە ھۆکارە سەرەکییەکانی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتنی شنگال، کەوتووەتە موزایەدەکردن و بڵاوکردنەوەی قسەی بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەکان و بەکارھێنانیان بۆ مەرامی سیاسی.

وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوەشکردووەتەوە، ھۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بە پلەی یەکەم، بوونی کۆمەڵێک ھێزی نایاساییە لە شنگال و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنامەی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵە لەمەڕ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال.