پارێزگای ھەولێر ئامادەکاریی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو دەکات
هادی
١٠ی نیسانی ٢٠٢٣
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر داوای لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد، بەیەک تیم لە کاتی دروستبوونی لەفاودا کار بکەن.
لە پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەی نێوان پارێزگار و لێپرسراوانی فەرمانگەکانی پارێزگاکە سەبارەت بە ئامادەکاریی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو بەرێوەچوو.
تیایدا پارێزگاری ھەولێر دوای بەدواداچوونی بۆ سەرجەم ئەو ھەنگاو و ڕێکارانەی لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ کەمکرنەوەی مەترسیەکانی ڕوودانی لافاو و چارەسەرکردنی ھۆکارەکانی دروست بوونی گیراوەتەبەر، ئەوەشی راگەیاند، پڕۆسەی پاککردنەوەی ڕێرەی ئاوی سروشتی باران و ئاوی قورس و کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنھۆلەکان و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆکان و ھەموو ئەو شوێنانەی کە دەبنە ھۆکاری کۆبوونەوەی ئاو و مەترسی دروستبوونی لافاو لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەردەوام دەبێت. ئەو ئامادەکارییانە لە کاتێکدایە کە ھۆشداریی دراوە بەرامبەر بە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخور لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کە ماوەی چەند رۆژێک دەخایەنێت.