بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم راگەیاند، لە ئەنجامی درێژبوونەوەی نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست، ھەرێمی کوردستان بە کەشێکی ناسەقامگیر تێدەپەڕێت، لە ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممەوە شەپۆڵێکی بارانبارینی بەھێز تەواوی ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، لە ماوەی ھاتنی ئەو شەپۆلەدا، لەشەوی سێ شەممە بارانبارین دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و لەرۆژی چوارشەممە شێوازی دابارین دەگۆڕێت بۆ تاوە بارانی بەردەوام و بەھێز و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم، ھەروەھا ئەو شەپۆلە درێژدەبێتەوە بۆ رۆژی پێنج شەممە و شەپۆڵی بارانبارین تا رۆژی ھەینی بەردەوامی دەبێت بە لاوازی تەنیا لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئاستی بارانی پێشبینیکراو لە ناوچەکان لە ماوەی کاریگەری ئەو شەپۆلە لە سەرووی ٦٠ ملم دەبێت، لە ھەندێک ناوچە زیاتر دەبێت بە تایبەت بەشی رۆژھەڵاتی ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێم.