مەڵبەندی ٦ی یەکێتی لە سۆران: داستانی کۆڕێ بەرھەمی خۆبەختکردن و قوربانیدانی یەکێتیە
١٠ی نیسانی ٢٠٢٣
دەقی راگەیاندراوی مەڵبەندی ٦ی سۆران بە بۆنەی ٣٢ھەمین ساڵیادی تۆمارکردنی داستانی گەورەی کۆڕێ....
داستانی کۆڕێ ،، وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەی دوای راپەڕینی ئازادی و رزگاری گەلەکەمان بوو
شەھید و بریندارەکانی یەکێتیی لە داستانی گەورەی کۆڕێ ، بەڵگەی سەلمێنراوی خاوەنداریەتی بە خوێن نوسراوی نەبەردیەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەکان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئەمڕۆ سی و دوو ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر داستانە مێژووییەکەی کۆڕێ، کە لە (١١/ ٤/ ١٩٩١) لە شەڕێکی دەستەویەخەی بێ وێنەدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرەتایترین چەک، بە بەرنامەو پلانی تۆکمەی عەسکەری،بە سەرکردایەتی ھەڤاڵ(کۆسرەت رسول علی)و بە لێپرسراویەتی راستەوخۆی شەھیدی سەرکردە(حەسەن کوێستانی)روو بە رووی سوپاو ھێزە بێ شومارو دڕندەکەی رژێمی بەعسی رووخاو بوونەوەو لە بەرزاییەکانی دەربەندی کۆڕێ، شکستیان بە پێشڕەوییەکانی سوپای دیکتاتۆری بەعس ھێناو داستانێکی مەزنیان تۆمارکرد.
ھێزی پێشمەرگە لە دوو ھێڵی جیادا روو بە رووی دوژمن بوونەوە، ھێڵی یەکەم لە رۆژھەڵاتی دەربەندی کۆڕێ و زنجیرە چیاکانی (شاخی سپی و شاخی زێوکە) بوون کە شەھید حەسەن کوێستانی راستەوخۆ لە ھێڵی روو بە رووبوونەوە سەرپەرشتی دەکرد، ھێڵی دووەمیش لە رۆژئاوای دەربەندی کۆڕێ و چیای( کانی گردە چاڵ) بوو، فەرماندەو پێشمەرگە ئازا و دلێر و بەورەکانی( ی.ن.ک ) لە ھەردوو قۆڵەکەدا چۆکیان بە دووژمن داداو ھێرشەکانی سوپای رژێمی رەفتار فاشستی بەعسی دیکتاتۆرییان تێکشکاند.
ئەو سەرکەوتنە گەورەو کەم وێنەیە بە خوێنی گەش و ئاڵی ( ١١ ) پێشمەرگە و برینداربوونی( ٣٧ ) رۆڵەی قارەمانی کوردستان تۆمارکرا، کە لە نێویاندا ( ٩ ) لەو شەھیدانە پێشمەرگە ھەرە ئازایەکانی یەکێتیی بوون،ئەو رۆژە ھێز و بازووی پۆڵایین و بیرو باوەڕی بەرزی نیشتمانیی و نەتەوەیی پێشمەرگەکانی یەکێتیی، بوون بە سمبولی خۆڕاگری و فریادڕەسی کۆمەڵانی خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستان،کە قوربانیدان و رزگارییان ئاوێتەی سەرکەوتن و بەھاری ئازادی راپەڕینی میللەتەکەمان کردو ئومێدو ھیوایان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ستەمدیدەی نیشتمانپەروەری ئاوارەبووی کۆڕەوە ملیۆنییەکەی کوردستان گێڕایەوە، کە وەک ھەمیشە یەکێتیی بە ئیڕادەو پشت ئەستوور بە جەماوەرو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، مەحاڵی کردۆتە واقیع و ئیرادەی گەلی سەرخستووە.
داستانی کۆڕێ ،، وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەی دوای راپەڕینی ئازادی و رزگاری گەلەکەمان بوو،کە ئەو رۆژە شێرە کوڕانی یەکێتیی نەخشەڕێی کاروانی خەباتی شاخ و سەروەرییەکانی شۆڕشی نوێیان کردە ھەوێنی پاراستنی خاکی پیرۆزی نیشتمان و بەدیھێنانی ئامانجە دێرینەکانی گەلەکەمان کە بریتی بوون، لە دانانی بەردی بناغەی حوکمڕانی دیموکراسی و ئازادی و ھێنانەکایەو دامەزراندنی پارلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری.
گەلی تێکۆشەری کوردستان
جوامێرو مێرخاس و قارەمانان و بەشداربووانی داستانی کۆڕێ
سەرکردەو فەرماندەو پێشمەرگە خۆڕاگر و گیانفیداکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئەوەی ئێستا بۆتە جێی تێڕامان و ھەڵوەستەی ئێمە و ئێوەی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری رێگای ئازادی و سەرفرازی کوردستان، ھەوڵی دزینی مێژووی داستانی کۆڕێ و سەروەرییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە لێرەو لەوێ گوێ بیستی دەبین، بە تۆماری ساختەو بە ھونەری بەرزی میدیای پارەدارکراوی لایەنێک کە بە حوکمی تاکڕەوی و پاوانخوازی خۆی سەپاندوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، دەیانەوێت رای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی پێ چەواشە بکەن، بۆیە ھەوای دەست بەسەرداگرتن و شێواندنی مێژووی شانازییەکانی کاروانی پڕ لە خەباتی ئەوکاتی نەبەردی و داستانەکانی یەکێتیی و شۆڕشی نوێ رێگا پێدراو و قبوڵکراو نییە ھیچ ھێزو لایەنێک بیدزێ و بیکاتە دەسکەوتی خۆی ، زۆر روون و ئاشکرایە، ئەو پارتە لە راپەڕین و داستانی کۆڕێ شەھید و برینداری نەبووە، رۆڵ و کاریگەرییان لەو شەڕو داستانەدا نەبووەو بۆیە ناتوانن لە رێگای پارەی دزراوی (گەل) و میدیا و تەکنەلۆژیای چەواشەکاریی و بە بێ بوونی بەڵگە و دیکۆمێنتی راستەقینەی سەلمێنراو بە ھەواو ھەوەسی چەند کەسێکی دۆڕاو، مێژووی خاوەندارێتی داستان و نەبەردیی کۆڕێ و سەروەرییەکانی یەکێتیی، بە ناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن، گێڕانەوەی بیرەوەری و یاداشتی مێژوویی داستانەکەی کۆڕێ بە قەڵەمی شەھیدی سەرکردە (حەسەن کوێستانی)و جەستەی لە خوێن شەڵاڵ بووی شەھیدو بریندارەکانی یەکێتیی لە داستانی گەورەی کۆڕێ، کە لە گۆڤاری سەرھەڵدانی ئەوێ رۆژێ و وتارو چاوپێکەوتنەکانیان بڵاوکراوەتەوە سەلمێنەری خاوەندارێتی بە خوێن نووسراوی نەبەردی و قوربانیدان و گیان بەختکردنە، کە لە تۆماری مێژووە پڕ لە شانازی و سەربەرزەکەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
لە یادو بیرەوەری ( ٣٢ ) ساڵەی داستانی کۆڕێی بەرگری و خۆڕاگریدا، ھەزاران سڵاوی وەفاداری و دروودر دەنێرین بۆ رۆح و گیانی شەھیدە سەربەرزەکانی رێگای رزگاری گەل و نیشتمان،، سڵاو لە فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان و بەشداربووانی داستانی کۆڕێ.
ھەر بەرز و شەکاوەبێ ئاڵا سەوزە بە خوێن نەخشێنراوەکەی شەھیدان
مەڵـبـەنــدی ٦ی ســــۆران
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١١ ی نیسانی ٢٠٢٣