کەنەکە راشیگەیاندووە، ھێرشەکانی ڕۆژانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشوری کوردستان گەیشتوەتە ئاستێک کە ھەموو سنورەکانی سەروەری و یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکرێن، ئەو ھێرشانە درێژەپێدەری کۆمەڵکوژییەکانە لە دژی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان.

لە پامەکەدا هاتووە، پێویستە ھەموو جیھان و بەتایبەتی گەلی کورد و ھێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستان ھەڵوێستێکی بەھێزیان ھەبێت بەرامبەر بەو ھێرشانە، سەرکۆنەیان بکەن و بێ سزا تێنەپەڕن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بە پلەی یەکەم ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئاکەپە و مەھەپە لە ھەر بەشێکی کوردستان دەستکەوتەکانی گەلی کورد بە ئامانجێکی دوژمنکارانە دەزانێت و بە ھەموو شێوەیەک ھێرش دەکاتە سەریان، دەشڵێت: ئەردۆگان لە دۆخێکی زۆر سەختدایە و بە تایبەتی لە پرۆسەی ھەڵبژاردنە گشتییەکانی پەرلەمان و سەرۆکی کۆماردا، دەیەوێت ھەندێک ھێرش لە دژی کورد و سەرکردەکانی کورد بە مەبەستی دروستکردنی بنەمایەک بۆ سەرکەوتنی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامبدات، پێویستە ھەڵوێستێکی بەھێز بەرامبەر بەو کارانە بگیردرێتەبەر.

ھەر لە پەیامەکەدا کەنەکە جەختیکردوەتەوە کە ھۆکارەکان و ئەرگۆمێنتەکان ھەرچییەک بن ھێرشەکانی تورکیا ڕەوایەتی نیە و بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین، ئاگاداری لێدوانەکانی جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستانین کە ھێرشەکانی تورکیا بە شەرعی دەزانێت و یەکێتی تاوانبار دەکات، ئەو وەکو نوێنەری پارتی ناتوانێت بە ناوی حکومەتی ھەرێمەوە سیاسەتی حزبی خۆی بسەپێنێت، پێویست بوو سەرکۆنەی توندوتیژیی دەوڵەتی تورکیا بکەن و ھەڵوێستیان ھەبێت، نەک یەکێتی و ھەموو کورد تاوانبار بکەن کە ھۆکاری ئەم توندوتیژییەن.

ھاوکات کەنەکە باسی لەوەشکردووە، ئێمە جارێکی دیکە داوا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ھەموو ھێزەکانی دیموکراسی و ھێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستان دەکەین، بە توندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشانە بکەن و ھەڵوێستیان ھەبێت.