دەقی پەیامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان....

ڕژێمی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، لە ئێستادا چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی ناوچەیی و جیھانیدا، بە تایبەت لە پێوەندی بە پرسی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە گەڵ شکستی گەورە بەرەوڕوو بۆتەوە و ھەر بۆیە لە بەرەبەری ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی تورکیە دا، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوە و حەشاردانی شکستەکانی و ھەروەھا بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی،بە دروستکردنی قەیران و ئاڵۆزی دەیھەوێ جارێکی دیکە سەرۆکایەتی تورکیە بە دەستەوە بگرێتەوە.

ھێرشکردنە سەر فڕۆکە خانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، جیا لەوەی کردەوەیەکی تیرۆریستیی ڕژیمی تورکیایە، تێیدا ئامانج تێکدانی ئەمنیەت و ئاسایش و دروستکردنی دووبەرەکی و ئاژاوە نانەوە لە نێوان ھێزە کوردستانیەکان و ھاوکات پێشێلکردنی ئاشکرای سەرەوەریی سیاسیی خاک و ئاسمانی ھەرێمی کوردسنانە و ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، جارێکی دیکە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستیەی داگیرکەرانی تورک، لەم باوەڕە دایە: لە وەھا  ھەلومەرجێک دا کە داگیرکەرانی کوردستان ھەر جارە و بە بیانوویەک، سەرەوەرییەکانی گەلی کوردستان پێشێل دەکەن و ھەوڵی تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانیی  نەتەوەکەمان دەدەن، ئەرکی ھەموو ھێزە کوردستانیەکانە کە پاساو بۆ کردەوە تیرۆریستیەکانی داگیرکەرانی کوردستان نەھێننەوە و  وێڕای ئیدانەکردنی ئەم چەشنە ھێرشانە، ھەوڵی جیددیان لە پێناو یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناوماڵی کورد بخەنە گەڕ و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و تاکە کەسی نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی.

شایانی باسە کە بە پێی سەرچاوەکانی ھەواڵ ئێوارەی ڕۆژی ھەینی ٧ی ئاوریلی ٢٠٢٣ی زایینی، فڕۆکە خانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرایە ئامانجی ھێرشی درۆنێکی سەر بە ڕژیمی تورکیە کە خۆشبەختانە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.


بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ی کوردی
٨ی ئاپریلی ٢٠٢٣ی زایینی