وەزارەتی پەروەردە: ھەر کەسێک دزە بە پرسیاری تاقیکردنەوەکان بکات سزا دەدرێت
کوردسات نیوز
٧ی نیسانی ٢٠٢٣
وەزارەتی پەروەردە نوسراوێکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاکان و ئیددارە سەربەخۆکارکردوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، بەپێی ماددەی ٨٣ لە یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٢ یاسای پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستان، ھەر کەسێک دزە بە پرسیاری تاقیکردنەوەکان بکات یان زانیاری لەبارەیانەوە بدرکێنێت، یاخود مامەڵەی پێوە بکات، ئەوا بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت سزا دەدرێت.
لە بڕگەی دووەمی یاساکەدا ھاتووە، ئەگەر کەسەکە ئەندامی لیژنەی تاقیکردنەوەکان بوو یان تایبەتمەندبوو بە گواستنەوە یان پاراستن یان ھەڵگرتنی پرسیارەکان، سزاکەی دەبێت بە دوو ھێندە و بە تاوانی ئابڕوبەر ئەژمار دەکرێت و لە وەزیفە دەردەکرێت.
لە بەشێکی تری بڕبارەکەدا ھاتووە، لە حاڵەتی روودانی ھەر کەیسێکی تاوانکاری لەو جۆرە، پێویستە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ لە ھەمان رۆژدا نوسراو ئاڕاستەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئەو سنورە بکات.