سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکەیدا دەڵێت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا کۆمەڵێک زانیاریی ناڕاست لەبارەی پەناگەی ئاژەڵانی بێلانە لە سلێمانی بڵاوکراونەتەوە.

راشیگەیاند، رووبەری ئەو پەناگەیەی بۆ سەگی بێلانە تەرخانکراوە، پێنج دۆنمە و دەبوو لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە بە ھەماھەنگی بەڕێوەببرێت، پەناگەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ کراوەتەوە و نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ سەگی بۆ ھاتووە، کە ٤٠٠ سەگیان بەھۆی نەخۆشی و گەڕییەوە مرداربوونەتەوە، ٢٠٠ سەگیش نەزۆککراون و گەڕێندراونەتەوە ناو سروشت، لەئێستاشدا نزیکەی ٦٠٠ سەگ لە پەناگەکەدان.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەشڵێت، بەپێی یاسا دەبێت یەکەی کارگێڕی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو پەناگەیە بەڕێوەببەن، ھەروەھا ئەرکی کۆکردنەوەی سەگەکانیش بە ھەردوو فەرمانگەی ڤێتێرنەری و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس دراوە نەک شارەوانی.