گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان ئەڵمانیا و سلێمانی راگیران
هیوا
٦ی نیسانی ٢٠٢٣
ھەندرێن ھیوا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ ھێڵی ئاسمانی کۆندۆری ئەڵمانی ئاگاداریکردونەتەوە کە گەشتی سبەی نێوان سلێمانی-دۆسڵدۆرف ھەڵوەشێنراوەتەوە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گەشتەکە بە ئاسمانی تورکیادا ئەنجام دەدرێت و تورکیاش ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا داخستووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا نازانرێت راگرتنی گەشتەکانی سلێمانی-دۆسڵدۆرف بۆ رۆژانی داھاتووش بەردەوام دەبێت یاخود نا، چونکە کۆمپانیای کۆندۆری ئەڵمانی ناتوانێت بەسەر ئاسمانی تورکیادا گەشت بکات، لەم کاتەشدا ھیچ رێگایەکی جێگرەوەی بۆ گەشتەکەی نییە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وتیشی، ھێڵی ئاسمانی کۆندۆر یەکێک بوو لە ھێڵە ئاسمانییە چالاکەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و ھەفتانە گەشتێکی ھەبوو، بڕیاریشبوو لە ھەفتەی داھاتوەوە بکرێن بە دوو گەشت کە ئەوانیش سلێمانی-دۆسڵدۆرف و سلێمانی-میوشن-ن.
لە رۆژی ٣ـی ئەم مانگەوە کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین بە ئیمێڵێک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاگادار کردەوە کە گەشتەکانیان لەگەڵ فڕۆکەخانەکە رادەگرن، دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "بەھۆی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە سلێمانی" تاوەکو ٣ی تەممووزی داھاتوو، ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا دادەخات.