بانکی ناوەندیی ژمارەیەک سزای بەسەر بانکی کوردستانی نێودەوڵەتیدا سەپاند
کوردسات نیوز
٦ی نیسانی ٢٠٢٣
بەگوێرەی نوسراوێک کە رۆژی ٥ـی نیسان بانکی ناوەندی عێراق ئاڕاستەی بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی کردووە، بڕیاردراوە بانکی کوردستان بێبەش بکرێت لەدەرکردنی (خیتاب زەمان) لەڕێی سەکۆی ئەلکترۆنی و ئەو قەرزانەی بانکی ناوەندی دەیدات، ھەروەھا بانکەکە بێ بەشکرا لە ھەر کردەیەکی خەرج کردنی پارە کە لە یەک ملیار دینار زیاتر بێت تا ئەوکاتەی کرداری چارەسەر و دانانی سیستمی ئەلیکترۆنی بانکەکە تەواو دەکرێت.
لە بڕیارێکی دیکەی بانکی ناوەندیدا ھاتووە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ بانکی کوردستان و کەسی بەرپرسیار لەسەر شاردنەوەی پارەیەکی کۆبۆوە لە ھالک بانکی تورکی دەست پێدەکات کەپێویستە لەماوەی مانگێکدا ئەنجامەکەی دەربچێت، بەھۆی پابەندنەبوون بە بڕیارو ڕێنماییەکانییش دوایین ھۆشداری دەدرێت بە بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی بانکەکە و پابەندکراوە بەوەی لە شەش مانگدا ھەڵەکانی ڕاست بکاتەوە.