لە بەشە بودجەی ٢٠٢٣ی ھەرێمی کوردستاندا ٤٠٠ ملیارەکە وەردەگیرێتەوە
کوردسات نیوز
٦ی نیسانی ٢٠٢٣
بەگوێرەی ماددەی ٦١ لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ، کە شەوی چوارشەممە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، وەزارەتی دارایی عێراق لەبەشە بودجەی ئەمساڵی ھەرێمی کوردستان بڕی ئەو ٤٠٠ ملیارە دەداتەوە بە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی کە بەگوێرەی بڕیاری ٣٣٣ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێدرابوو.
مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیاری ٣٣٣ رەزامەندی دا لەسەر ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ موچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢.
دوای بڕیارەکە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە بیانووی نادەستووریبوونی بڕیارەکە، ئیمزاس لەسەر ناردنی ٤٠٠ ملیارەکە نەکرد بۆ ھەرێمی کوردستان.
ھاوکات دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای مستەفا سەنەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی تایبەتی لەسەر بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیارەکە ئەنجامدا و بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ھەرێمی کوردستان.
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، بڕیاردرا ئەو بڕە پارەیە وەکو قەرز بدرێت بە ھەرێمی کوردستان و دواتر لە بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لێی ببڕدرێتەوە، دواجار لە ناوەڕاستی مانگی سێی ئەمساڵ ئەو بڕە پارەیە خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی درایی و وەزارەتی دراییش کورتھێنانی مووچەی مانگی دووی پێ پڕکردەوە.