کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییکردن لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەبارەت بە کێشەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بڕیارەکەی تورکیا بۆ قەدەغەکردنی گەشتەکان و داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەرووی سلێمانیدا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ"رەزاق محێبس"وەزیری گواستنەوەی عێراق قسەی کردووە.

وتیشی، وەزیری گواستنەوەی عێراق لەھەوڵدایە کێشەکە چارەسەر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی کۆماری ئیسلامی  ئێرانی کردووە، بڕیارە لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی تورکیاش بۆ ھەمان مەبەست گفتوگۆ بکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئەگەری نەکردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە رووی گەشتەکانی سلێمانیدا، لە ھەوڵدان ئاسمانی ئێران یاخود سوریا وەک جێگرەوەی ئاسمانی تورکیا بەکار بھێنن، بەڵام ھێشتا ھەوڵەکان بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە رووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەردەوامە.