بە کۆتاییھاتنی پشووەکانی نەورۆز و کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان، لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دیاردەی ژەھراویبوونی خوێندکاران کە چەند مانگێکە لەو وڵاتە سەریھەڵداوە، دەستیپێکردەوە و لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک خوێندکاری کچ لە شارەکانی ورمێ و نەغەدە و تەبریز و ئەسفەھان ژەھراویبوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.

میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، ئەو خوێندکارانە تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی و رشانەوە بوون و لەئێستاشدا باری تەندروستی زۆربەیان جێگیرە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

دیاردەی ژەھراویبوونی خوێندکارانی کچ لە ئێران نزیکەی چوار مانگ  لەمەوبەر و لە کۆتایی پاییزی رابردوو لە شاری قومەوە سەریھەڵدا و دواتر زۆربەی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە، لێپرسراوانی ئەو وڵاتە دانیان بەوەداناوە کە رووداوەکان بە ئەنقەستەن و بەتۆمەتی ئەنجامدانیان چەند کەسێک دەستگیر کراون.