مامۆستایەکی ئایینی سزای دوو ساڵ زیندانیی بەسەردا دەسەپێندرێت
شۆرش
٥ی نیسانی ٢٠٢٣
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە ھەمەدان، بەتۆمەتی بەلاڕێدابردنی رای گشتی، سزای دوو ساڵ زیندانیی بەسەر مامۆستا حسێن عەلیمورادی، بەڕێوەبەری خوێندنگای زانستی ئایینی ئیبراھیم خەلیلوڵای شاری سنەدا سەپاندووە.
لە شاری مھابادیش، دوو فەقێی خەڵکی رەبەت بە ناوەکانی فاروق ئەحمەدی و عەبدولقادر قادری لەلایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە رفێندراون.
تائێستا ھیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتەپاڵ ئەو دوو کەسە لەبەردەستدا نییە و چارەنووس و شوێنی راگیرانیان نادیارە.
دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و رەوشی وڵاتەکە، زیاتر لە ٢٠ مامۆستای ئایینی کورد دەستبەسەرکراون کە تائێستاش بەشێکیان ئازاد نەکراون.