شێخ جەعفەر لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کوردسات نیوز
٤ی نیسانی ٢٠٢٣
پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا…
لە (٤٣)ھەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیدا بە شکۆوە یادی قوربانییانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە، کە لەسەدەی بیستەمدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی عێراقەوە دووچاری کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و پاکتاوی ڕەگەزی ھاتن.
کوردانی فەیلی مێژوویەکی دێرینیان ھەیە و پێکھاتەیەکی گرنگی عێراق و کوردستانن، ھەر لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە ستەمی زۆریان بەرامبەر کراوە، بە چەندین قۆناغی جیاواز دووچاری (دەربەدەری و ڕاگواستن و بێسەروشوێنکردن) بوونەتەوە و بێبەشکراون لە ھەبوونی ناسنامە و مافە سەرەتاییەکانی ژیان.
ئەرک و بەرپرسیاریەتییە لەسەر حکوومەتی عێراق، کە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری قوربانییانی ئەم تاوانە بکاتەوە، ھەروەھا گرنگە بەدواداچوونێکی زانستی و ئەکادیمیانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە بکرێت بۆ بە دۆکیۆمێنتکردن و نووسینەوەی مێژووی کوردانی فەیلی و ئەو قوربانییانەی کە لەپێناو بوونیان بەخشیوویانە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردانی فەیلی و سەربەرزی بۆ کەسوکارەکانیان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٣/٤/٤