کوردسات نیوز وردەکاریی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە بڵاودەکاتەوە
هیوا
٤ی نیسانی ٢٠٢٣
بە پێی پڕۆژەیاسای بودجە کە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و بڕیارە سبەینێ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، پشکی ھەرێمی کوردستان بە ١٢.٦٧% جێگیرکراوە، کە بۆ ساڵێک دەکاتە ١٦ ترلیۆن و ٦٠٩ ملیار و ٦٣٩ ملیۆن دینار، مانگانەش دەکاتە ترلیۆنێک و ٣٨٤ ملیار دینار.
بە پێی داتا رەسمییەکان حکومەتی ھەرێم بۆ دابەشکردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران پێویستی بە ٩١٠ ملیار دینار ھەیە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق پشکی ھەرێم رەوانە بکات، سەرەڕای دابینکردنی موچە، ٤٧٤ ملیار دیناریش بۆ وەبەرھێنان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە تەرخاندەکرێت.
ھاوکات بەپێی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، حکومەتی ھەرێم نیوەی داھاتە فیدڕاڵییەکان و کۆی داھاتە نا فیدڕاڵیەکانیشی بۆ دەمێنێتەوە کە ساڵانە زیاترە لە (یەک ترلیۆن) دینارە، ھەروەھا بەغدا کۆی خەرجی دەرھێنانی نەوتی ھەرێم لەئەستۆدەگرێت و چاودێری فرۆشتنی نەوتەکەش دەکات لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.
ئەو پارەیەی بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە نزیکەی دوو ھێندەو نیوی ئەو پارەیەیە کە حکومەتی ھەرێم لە داھاتی نەوت دەستی دەکەوێت، لەلایەکی دیکەشەوە ھەرێم پشکی لە خەرجیی حاکیمەدا دەبێت و بەپێی پرۆژە یاسەکە، بڕەکەی بریتییە لە ترلیۆنێک و ٢٥٦ ملیار و ٦١١ ملیۆن دینار.