بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و ئیدارەدانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس و راگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لەڕێگەی تورکیاوە، لەپێناو داھاتووی میللەتەکەمان و رێگریکردن لە دروستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێت، کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی ھەرێم بفرۆشێت و کۆی داھاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە.

داواشیکرد، پشکی ھەرێم لە بودجە و داھاتی عیراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی ھەرێم گەرەنتی بکرێت، ‎سیستەمی بەنزین، نەوت و گازوایلی ھەرێم ببەسترێتەوە بە عیراق و بەھەمان نرخ بدرێتەوە بە ھاوڵاتیان، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆی سیستەمی نەوت و غازی عیراق ھەبێت و بەشێکبن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان.

‏‎سەرۆک بافڵ  راشیگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساڵانێکە ھەوڵ بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و کۆتاییھێنان بە ناکۆکییەکان دەدات، بیرکردنەوەی دروست، ھەماھەنگی و کاری پێکەوەییە نەک دورکەوتنەوە و قووڵکردنەوەی کێشەکان.

دەشڵێت، ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تاکڕەوی، قەوارەکەمان لاواز دەکات و ھەرێمەکەمان دەخاتە مەترسییەوە نەک کاری ھاوبەش و داواکردنی مافەکانمان لە بەغداد. 

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روبارێک خوێنی لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی کوردستان رشتووە و ھیچ ھێز و لایەنێک لە خۆیان بە دڵسۆزتر نازانن بۆ کوردستان و بەدیھێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی، بۆیە ھەنگاوی لۆژیکی و بەرپرسیارانە، رێککەوتنە لەگەڵ بەغداد و دەستەبەرکردنی مافەکانیان.