محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاند، پێش دەستپێکی وەرزی وەرگرتنی گەنم لەلایەن سایلۆکانەوە، حکومەت بڕی ٥٠٠ ملیار دیناری خستوەتەسەر ھەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی، بۆیەش لەئێستادا سایلۆکان لە سەرانسەری وڵاتدا ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و راستەوخۆ خەرجکردنی پارەکانیان.

ساڵی رابردو ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم لە عێراق  وھەرێمی کوردستان گەیشتە ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار تەن کە ٤٠%ـی پێداویستی وڵات بوو بۆ گەنم، بەوھۆیەش حکومەتی عێراق ناچاربوو بۆ دابینکردنی بەشەئاردی مانگانەی ھاوڵاتیان لە ئوسترالیا، کەنەدا و ئەمریکا گەنم ھاوردە بکات.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم بگاتە نزیکەی ٤ ملیۆن تۆن، حکومەتیش بڕیاریداوە سەرجەم ئەو گەنمە بە پلەی یەک و ھەر تۆنێکیش بە ٨٥٠ ھەزار دینار وەربگرێت، جگەلەوەش سەرجەم دەروازەکان بەڕوی ھێنانی گەنم دادەخرێن تاوەکو بەرھەمی ناوخۆیی بوژانەوە بەخۆیەوە ببینێت.