بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی پێنجشەممە بەرواری 8ـی ئایاری 2025، هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 4ـی 2025 بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و یەکەکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دوای ئەوەی هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتا هێناوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا سەرووی 56،000 (پەنجا و شەش هەزار) پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من، هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن.
شایەنی باسە ئەم هاوکارییە داراییە بەشێکە لەو پشتیوانییەی کە هاوپەیمانان پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکەن لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی و بەرگری هەرێمی کوردستان.