زیندانییە سیاسییە ئازادبووەکانی بادینان: راپۆرتەکەی ئەمەریکا پشتڕاستدەکەینەوە و دروستە
ئاکار
٢٨ی ئازاری ٢٠٢٣
زیندانییە سیاسییە ئازادبووەکانی بادینان رایانگەیاند، ئەو لێدوان و بەیاننامانەی حکومەتی ھەرێم ڕەتدەکەینەوە کە لە دژی خواستی ئەمەریکا بۆ فراوانکردنی ئازادی ڕادەربڕین بڵاویدەکەنەوە و وەکو زیندانیە سیاسیە ئازادبووەکانی بادینان تەواوی خاڵەکانی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پشتڕاست دەکەنەوە و دروستن.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە ھەرێم، لە خراپترین ئاستدان و بەدەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوان دەستگیرکراون. دەشڵێن، ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە شەرعیەتی یاسایی نەماوە و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان ناکات.
داواش دەکەن، ئەمریکا بەردەوام بێت لە فشارەکانی بۆ بەرەو پێشبردنی ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و ڕاستکردنەوەی دەسەڵاتی ئێستا کە بکەوێتە خزمەتی ھاووڵاتیان.