بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ھاووڵاتییەکی رۆژھەڵاتی کوردستان بەناوی پەیمان میرزایی، ٢٣ رۆژ لەمەوبەر لە کەمپێکی پەنابەرانی ئەنقەرە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەرکراوە و لەگەڵ خێزانەکەی مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران لەسەرە.

ئەو خێزانە ساڵی ٢٠٠٩ ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانیان جێھێشتووە و روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، دواتر و لەکاتی شەڕی دژ بە داعش ھەرێمی کوردستانیان جێھێشتووە و چوونەتە تورکیا.

ھاوکات چالاکێکی سیاسی خەڵکی بۆکان بەناوی ناسر سەیدی، پاش ئەوەی لە تورکیا بۆ شاری ئەعزازی پارێزگای حەلەبی سوریا دیپۆرتکراوە، چارەنووسی ناڕوونە و بەھۆی رەوشی نالەباری ئەو ناوچەیە گیانی لە مەترسیدایە.

ناسر سەیدی، پێشتر ئەندامی یەکێک لە حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بووە و ساڵی ٢٠١٥ بەمەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا رووی لە تورکیا کردووە، کۆتایی ساڵی رابردوو ھەوڵیداوە خۆی بگەیەنێتە ئەوروپا، بەڵام لەلایەن ھێزەکانی پاسەوانی سنوریی بولگاریا دەستبەسەرکراوە و ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە، سێ ھەفتە پێش ئێستاش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە رەوانەی شاری ئەعزاز لە سوریا کراوە.