دەقی راگەیەندراوەکە...

راگەیەندراوێک لە دەزگای ھەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە 

لە پێشھاتێکی ترسناکدا ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٠٢٣/٣/٢٧ ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەرێندرا کە تیایدا جیا لە پارێزگاکانی دیکە، دۆخی تایبەتی بە پارێزگای کەرکوک دراوە و ھەندێک لە بڕگەکانی پێچەوانەی ماددەکانی دەستووری عێراقە.

تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بەمشێوەیە جگە لەەوەی  پێشێلێکی زەقی ماددەکانی دەستووری عێراقە، لە ھەمانکاتدا پیلانگێڕییەکە دژ بە گەلی کورد لە کەرکوک و مەبەست لێی بێبەشکردنی زۆرترین رێژەی کوردی کەرکوکە لە دەنگدان.

بۆ ھەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە ئەم ھەمواری یاسایە تەواو نادەستوورییە بە پشتبەستن بەم ماددە دەستووریانەی لای خوارەوە:

١-  لە ماددەی ١٤ی دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا ھاتووە: "عێراقییەکان بێ جیاوازی رەگەز یان رەچەڵەک یان نەتەوە یان رەنگ یان ئایین یان ئاینزا یان بیروباوەڕ یان رەئی یان دۆخی ئابووری یان کۆمەڵایەتی، لەبەردەم یاسادا یەکسانن". 

بەڵام پێدانی دۆخی تایبەت بە کەرکوک جیاکردنەوەی لە پارێزگاکانی دیکە پێچەوانەی ئەم ماددە دەستووریەیە و پێشێلکردێکی زەقە.

٢- لە ماددەی ١٦ی دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا ھاتووە: "ھاوتاکردنی دەرفەتەکان مافێکی پارێزراوی ھەموو عێراقییەکانە و دەوڵەت ئەرکی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە دەگرێتە ئەستۆ". 

لە یاساکەدا ھەرچەندە راستە سەرژمێری ٥۷ کراوەتە بنەمای دەنگدان، بەڵام سنوری ئیداری ئێستای کەرکوکی کردۆتە مەرج بۆ مافی بەشداریکردن لە دەنگدان ، بەمەش دەنگدەرانی رەسەنی کەرکوک لە چەمچەماڵ و کەلار و کفری و خورماتوو کە لەساڵی ١٩٥٧ سەر بە کەرکوک بوون، دەکەونە بەردەم  مەترسیی بێبەشکردن. 

٣- لە ماددەی ٢٠ی دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا ھاتووە: "ھاوڵاتیان بە پیاوان و بە ژنانەوە مافی بەشدارییان لە کاروباری گشتییدا ھەیە، ھەروەھا مافی پیادەکردنی مافە سیاسییەکانیان ھەیە لە ناویاندا مافی دەنگدان و ھەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن". 

بەڵام ئەم یاسایە ئەو مافەی لە زۆرێک لە دانیشتووانی رەسەنی پارێزگای کەرکوک زەوت کردووە.

٤- سەرپێچییەکی دەستووری دیکەی یاساکە پێشێلکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەیی عێراقە، چونکە بڕگەیەکی ئەم یاسای ھەڵبژاردنە مافی دەنگدان لە کەرکوک دەدات بەو کەسانەی پێش ساڵی ٢٠٠٣ فۆرمی خۆراکیان لە کەرکوک بووە کە مەبەستی لە عەرەبە ھاوردەکانە، کە ژمارەیان کەم نییە و تەنھا ژمارەی ئەوانەی خۆویستانە مامەڵەی ماددەی ١٤٠یان کردووە پێکھاتووە لە ٢٨ ھەزار خێزانی عەرەبی ھاوردە و لەو ژمارەیەش ١١ ھەزار خێزان بەپێی ماددەکە قەرەبووکرانەوتەوە،  ئەمەش بنەمای سەرژمێری ساڵی ٥٧ پووچەڵ دەکاتەوە و مافی دەنگدان بە ھاوردەکان دەدات و ھیچ واتایەک بۆ ماددەی ١٤٠ ناھێڵێتەوە.

بۆیە ئێمە کۆمەڵانی خەڵکی کەرکوک دڵنیا دەکەینەوە کە یەکێتی سوورە لەسەر ئامانج و بیروباوەڕی نەگۆڕی بەرانبەر بە کەرکوک و ھەموو ناوچە دابرێنراوەکان، ھەموو رێگایەکی دەستوری و یاسایی و سیاسی و مەدەنیش دەگرێتەبەر بۆ داکۆکیکردن لە خەڵکی خۆراگری کەرکوک.

رزگار حاجی حەمە
لێپرسراوی دەزگای ھەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان