حکومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ سەرجەم گەنمی جوتیاران وەردەگرێت
٢٧ی ئازاری ٢٠٢٣
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ھەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی عێراق ئەمساڵ بڕیاریداوە سەرجەم بەرھەمی گەنمی جوتیاران وەربگرێتەوە و لەماوەی دوو ھەفتەشدا پارەی جوتیاران خەرج دەکرێت.
وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریداوە لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە وەرزی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستپێبکات و نرخی ھەر تۆنێک گەنمیش بە ٨٥٠ ھەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی عێراق ٥٠٠ ملیار دینار وەکو قۆناغی یەکەم بۆ کڕینەوەی گەنم خستوەتەسەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ھەرێم ئاماژەی بۆئەوەکرد، ئەمساڵ بەھۆی ئەوەی رێژەیەکی باش باران باریووە، پێشبینی دەکات بەرھەمی گەنم پێداویستی ناوخۆی عێراق پڕبکاتەوە کە ساڵانە پێویستی بە ٥ ملیۆن تۆن گەنم ھەیە، ھەروەھا لە ھەرێمی کوردستانیش بۆ دابەشکردنی ١٠ بەشەخۆراکی ئارد، پێویستییان بە ٧٥٠ ھەزار تۆن گەنم ھەیە.
بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەرھەمی گەنم بگاتە چوار ملیۆن تۆن، بەگەیشتن بەو ئاستەش عێراق تائاستێکی بەرچاو لە خۆبژێوی نزیک دەبێتەوە، لەکاتێکدا ساڵانی پێشتر بە ملیۆنان تۆن گەنم لە دەرەوە ھاوردە دەکرا.
ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و ٥٩٩ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان بە گەنم داچێنرابوو و بەرھەمی گەنمیش زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار تۆن بوو، داھاتی جوتیارانی ھەرێمیش لە رادەستکردنی گەنم بە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق ٤٥٥ ملیار دینار بووە.