کۆمپانیا نەوتییە جیھانییەکان کە لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن دەڵێن حکومەتی ھەرێم ئاگاداریکردوونەتەوە کە راگرتنی ھەناردەی نەوت کاتییە و گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەردەوامە، بەڵام راگرتنەکە لە رۆژی شەممەوە تا ئێستا، زیانی بە پشکەکانیان گەیاندووە.

کۆمپانیای نەوتی "گەنەڵ ئینێرجی" لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، پێشبینی دەکات داخستنەکە کاتی بێت و دواتر ھەرێمی کوردستان بەردەوامی بداتەوە بە ھەناردەی نەوت، راشیگەیاندووە ئەو راگرتنە بەڕێژەی ١٦٪ قازانجی پشکەکانی کەمکردووەتەوە. 

لای خۆیەوە کۆمپانیای گەلف کیستۆن پیترۆلیۆم، کە لە کێڵگەی شێخان کار دەکات و یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکان لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە سەبارەت بە داخستنی ھێڵی ھەناردەی نەوت لە رۆژی شەممەوە بە شێوەیەکی کاتی لەسەر داواکاری تورکیا تا ئەو کاتەی رێوشوێنەکان بە یاسایی چارەسەر دەکرێن. دەشڵێت کاتی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردن دیار نییە، بەڵام بە وتەی لێپرسراوانی کوردی و عێراقی راگرتنەکە کاتییە.

گەلف کیستۆن دەڵێت، پشکەکانیان بەڕێژەی ٢٢٪ کەمبووەتەوە، کە نزمترین ئاستە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١_ەوە. 

ھەردوو کۆمپانیای گەنەڵ و گەڵف کیستونیش پێشبینی دەکەن راگرتنەکە کاتی بێت و بە زووترین کات کارەکانیان دەستپێبکاتەوە. 

ھەروەھا کۆمپانیای نەوتی نەرویژی "دی ئێن ئۆ" رایگەیاند، لە حکومەتی ھەرێمەوە ئاگادار کراونەتەوە سەبارەت بە راگرتنەکە بەشێوەیەکی کاتی. بەر لە داخستنەکەش ئەو بۆرییە نزیکەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کوردستان و ٧٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە رۆژانە رەوانە دەکرد، بەوھۆیەشەوە پشکەکانی بەڕێژەی ٨.٨٪ دابەزینی تۆمارکردووە و ئەوەش نزمترین ئاستە لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١_ەوە.

کۆمپانیای "شاماران پترۆلیۆم"یش رایگەیاندووە، گفتوگۆکان لەنێوان لێپرسراوانی عێراق و تورکیا و ھەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەڕێی ھێڵی بۆری عێراق_تورکیا، بەردەوامە. 

دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسە رۆژی شەممە دۆسێیەکی ساڵی ٢٠١٤ی لەبەرژەوەندی عێراق یەکلاییکردەوە. دوای بڕیارەکەش عێراق ھەناردەکردنی ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی ھەرێمی کوردستان و باکوری کەرکوکی راگرت.