کۆمپانیای نەوتی گەنەڵ ئینێرجی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، پێشبینی دەکات داخستنەکە کاتی بێت و دواتر ھەرێمی کوردستان بەردەوامی بداتەوە بە ھەناردەی نەوت. 

ھەروەھا کۆمپانیای نەوتی نەرویژی دی ئێن ئۆ رایگەیاند، لە حکومەتی ھەرێمەوە ئاگادار کراونەتەوە سەبارەت بە راگرتنەکە بەشێوەیەکی کاتی. بەر لە داخستنەکەش، ئەو بۆرییە نزیکەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کوردستان و ٧٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە رۆژانە رەوانە دەکرد.

کۆمپانیای "شاماران پترۆلیۆم"یش رایگەیاندووە، گفتوگۆکان لەنێوان لێپرسراوانی عێراق و تورکیا و ھەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەڕێی ھێڵی بۆری عێراق_تورکیا، بەردەوامە. 

لای خۆیەوە، کۆمپانیای گەلف کیستۆن پیترۆلیۆم رایگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە سەبارەت بە داخستنی ھێڵی ھەناردەی نەوتی لە رۆژی شەممەوە بە شێوەیەکی کاتی لەسەر داواکاری تورکیا تا ئەو کاتەی رێوشوێنەکان بە یاسایی چارەسەر دەکرێن. دەشڵێت کاتی دەستپێکردنەوە ھەناردەکردن دیار نییە، بەڵام بە وتەی لێپرسراوانی کوردی و عێراقی راگرتنەکە کاتییە.