لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی رێکەوتنی 10ـی ئازار کە لە نێوان سەرکردایەتی هەسەدە و دەسەڵاتدارانی دیمەشق واژۆکرابوو، وەفدێکی بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر گەیشتە پایتەختی سوریا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردووەتەوە، وەفدەکە پێکهاتووە لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەی کە لە 12می نیسان پێکهێنرابوو.
بریتین لە:
- فەوزە یوسف
- عەبدولحەمید ئەلمەهباش
- ئەحمەد یوسف
- سەنحەریب بەرسوم
- سوزدار حاجی
وتەبێژانی لیژنەکەش مەریەم ئیبراهیم و یاسر سلێمان ن.
ئەم سەردانە دوابەدوای سێ کۆبوونەوەی هەماهەنگی دێت کە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچووە. لایەنەکان هەوڵ دەدەن گفتوگۆکان بەهێزتر بکەن و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێکەوتنی 10ـی ئازار بەدەستبهێنن.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق گفتوگۆی رەسمی ئەنجام بدەن بۆ بەردەوامکردنی پرۆسەی دیالۆگ و هەماهەنگی.
ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:
1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.
3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.
4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.
7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.