روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی ٤٠٠ ملیار دینارەکە
کوردسات نیوز
٢٣ی ئازاری ٢٠٢٣
دەقی روونکردنەوەکە:
لەسەر ئەو چەواشەکاریانەی تایبەت بە پرسی ٤٠٠ ملیار دینارەکە لە چەند سایت و پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە بەپێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.
١- بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەچەند ھۆکارێک دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێمی کوردستان.
٢- بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم ڕۆژی ١٤ ئازار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ٤٠٠ ملیار دینارەکە تەنھا بۆ مووچە ھاتووەو بۆ ھیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.
٣- جەخت دەکەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم بۆ سلێمانی خەرج کراوەو خەرج دەکرێت ھیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەھاتووە.
٤- بەھۆی دابەزینی داھاتی نەوتەوە کە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنھا ٣٤٠ ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە گەڵ ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوەو ئەو کورتھێنانەشی دروست بووە لە داھاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، ھەروەکوو چۆن پێشتر کراوە.