رۆژی ٢١ی ئاداری ٢٠٢٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە و ڕاپۆرتەکە لەچەند بەشێکیدا باس لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان دەکات و تیایدا رەخنە لە حکومەت و دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەگرێت.

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لە ھەرێم ئەوپەڕی ئازادی بیروڕا و ئازادی راگەیاندن ھەیە، بەڵام راپۆرتی ئەمریکا پشت بەچەند سەرچاوەیەکی نافەرمی و دەزگای میدیایی دەبەستێت کە ھەڵوێستەکانیان سیاسین. 

سەبارەت بە کەیسی زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینانیش دەڵێت، ئەو کەیسانە پەیوەندییان بە تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھەبووە.

راشیگەیاندووە، زانیارییان پێشکەش بە کونسوڵگەری ئەمریکا لە ھەولێر کردووە، بەڵام دیارە بەمەبەست ئاماژەیان پێنەکراوە و وەکو پێویست پشتیان بە زانیارییەکانی حکومەتی ھەرێم نەبەستووە.