لە ئامەد پۆلیس مێردمنداڵێکی کورد بەتوندی ئەشکەنجە دەدات
شۆرش
٢٣ی ئازاری ٢٠٢٣
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ئامەد رایگەیاند، لە ناوچەی لجێ مێردمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە کە لەگەڵ ھاوڕێیەکی بووە، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە وەستێندراوە و دواتر رفێندراوە و ئەشکەنجە دراوە.
رەمەزان قەرەئاپ پارێزەری خانەوادەی منداڵەکە و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش رایگەیاند، بە چوار پۆلیس ھێرشیانکردووەتەسەر مێردمنداڵەکە و پێیانوتووە دەبێت رقت لە کورد بێت و بڵێی ئەوان خۆشبەختن کە تورکن، بەڵام ئەو مێردمنداڵە ترساوە و ھیچی نەوتووە، ئەوەش پۆلیسەکانی توڕەکردووە و لێیانداوە و بێھۆش بووە، دواتر گوندنشێک مێردمنداڵەکەی بەفڕێدراوی و دەستوپێی بەستراوەوە دۆزیتەوە و بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە.
ئاشکراشیکرد، مێردمنداڵەکە بەھۆی ئەشکەنجەدان و لێدانی توند، چاوی ڕاستی کوێر بووە و نیشانەیەکی زۆری لێدانیش لەسەر جەستەی ھەیە، سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش سکاڵای لە دژی پۆلیس تۆمارکردووە و داوایان لە داواکاری گشتی کردووە کە دۆسیەکەیان لەسەر پۆلیس بکەنەوە.