لقی ھەولێری بانکی ئەقلیمی بازرگانی دۆلار بە نرخی ١٣٢٠ دینار بە گەشتیاران دەفرۆشێت
کوردسات نیوز
١٢ی ئازاری ٢٠٢٣
بانکی ئەقلیمی بازرگانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، سەرجەم گەشتیارانی عێراق کە دەیانەوێت دۆلار بکڕن بە نرخی ھەزارو ٣٢٠ دینار لە سبەینێوە لقی ھەولێری بانکەکەیان تەنھا دۆلار دەفرۆشێت بەو گەشتیارانەی فۆڕمی ئەلکترۆنی پڕدەکەنەوە، واتا نرخی ١٠٠ دۆلار ١٣٢ ھەزار دینار دەبێت.
رونیشیکردۆتەوە، پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلکترۆنی لە رۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممە دەبێت لە سەعات ٨ی بەیانیی تاکو ٢ی دوانیوەڕۆ، ھەر داواکارییەکیش لەدوای ئەو وادەیە رەوانە بکرێت رەتدەکرێتەوە، ھەر کڕیارێکیش بەبێ بوونی وادە کە دوای پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلکترۆنی بۆی دیاری دەکرێت سەردانی لقی ھەولێر بکات رێگەی پێنادرێت بچێتە ژوورەوە.



