سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ پێکھاتەکان کۆدەبێتەوە
کوردسات نیوز
١٠ی ئازاری ٢٠٢٣
مونا قاوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەفتەی داھاتوو سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنی پێکھاتەکان کۆدەبێتەوە بەمەبەستی وەرگرتنی دوایین وەڵامی پێکھاتەکان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەئەمساڵدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تورکمانەکان ئەوانیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەوان دەیانەوێت بۆ پێکھاتەکان، ھەرێمی کوردستان بکرێت بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن ھاوشێوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەوانیش پێداگرن لەسەر ئەو داواکارییە و باوەڕیانوایە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بەوشێوەیەی خۆیان دیاری دەکەن، مافەکانیان دەپارێزێت".
سکرتێری پەرلەمان وتیشی، "قبوڵی ناکەن لایەنەکانی ھەرێم دەستوەردان لە ھەڵبژاردنی پێکھاتەکاندا بکەن و ئەوان دەیانەوێت خودی پێکھاتەکان بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکان و تۆماری دەنگدەران بدەن، لە ھەموو دۆخێکیشدا دەیانەوێت تاوەکو ١٥ی ئەم مانگە دۆسیەی ھەڵبژاردن یەکلایی بکەنەوە، تاوەکو پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی بکات لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان".



