رۆژی چوارشەممە شەپۆلێکی بارانبارین سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیانی گرتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانیش رایگەیاند، لە سەعات ٩ی بەیانی تاکو ٩ی شەو ٢٩.٩ ملیم باران لە سلێمانی باریوە، لە دوای سەعات ٩یش تا درەنگانی شەو بارانی بەخوڕ باری.

لە کاتی بارانە بەخوڕەکەی شەوی رابردوو، عەمید دیار ئیبراھیم، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەچەند شوێنێک لافاو دروستبووە و ئاو چووەتە ناو زیاتر لە ٥٠ ماڵ و شوێنەوە. وتیشی، چەندین ھاووڵاتی بەھۆی دروستبوونی لافاو لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان گیریان خواردووە و دواتر لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە رزگار کراون.

لە ئێستاشدا لە ژێر چەند پردێکی شەقامی ٦٠ مەتری سلێمانی ئاو کۆبووەتەوە و تیمەکانی شارەوانیش جگە لەوەی سەرقاڵی ڕۆکردنی ئاوەکەن، لە دوێنێوە ھەستاون بە ئەنجامدانی ھەڵمەتێک بۆ شەقام و گەڕەکەکانی شار و چەندین مەنھۆڵ و دەرەچەی ئاوەڕۆیان پاککردوەتەوە.