ئەندامێکی لیژنەی دارایی: لە دوو رۆژی داھاتوودا ھەرێم و بەغداد لەسەر بودجە رێکدەکەون
ڕێبوار
٢ی ئازاری ٢٠٢٣
موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پشکی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجە تا ئێستا یەکلانەکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت ھاوشێوەی بودجەکانی رابردوو بە لەسەدا ١٢.٦٧ جێگیر بکرێت.
وتیشی، گفتوگۆکانی ھەردوولا بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داھاتوو بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.
ھەروەھا رائید مالکی ئەندامی لیژنەی یاسایی رایگەیاند، ئەستەمە قەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە زیاتر لە ٢٠٠ ترلیۆن دینار، تا ژمارەکانیش زیاتر بن ئاڵنگارییەکان زیاتر دەبن.
دەشڵێت، یەکێک لە ئاستەنگەکانی گەیشتنی پڕۆژەیاساکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناکۆکییەکانە سەبارەت بە پشکی ھەرێم. ھەروەھا داھات و خەرجییەکان و بەھای دۆلار و ناجێگیری بەھای نەوتیش ئاستەنگیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژە یاساکە و رەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دروستکردووە.



