قوباد تاڵەبانی: بەھێزکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی ھەلی کار لە ئەولەویەتی کارەکانمدایە
کوردسات نیوز
٢ی ئازاری ٢٠٢٣
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کومەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، یەکێک لە ئەولەویاتی کارەکانی، بەھێزکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی ھەلی کاری زیاترە کە تێیدا ماف و ئیمتیازاتی کرێکار لە دەرەوەی کەرتی حکومی پارێزراوبێت.
خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕێوە بەوەی پەرلەمانی کوردستان یاسای کاری پەسەندکرد و رایگەیاندووە، ئەو یاسا گرنگە بە ھەوڵی وەزارەتەکانی کار و پلاندانان و راوێژکارەکانیان لە ئەنجومەنی وەزیران و بەھاوکاری رێکخراوی جیھانی کار، توانراوە ئامادەسازی بۆ دەرچواندنی بکرێت، یاساکە پشتبەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوە و بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و ھاوسەنگی تێدا پاریزراوە.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، بۆ ئەو مایەی شانازییە کە یاسایەک ھەیە پەیوەندی کرێکار و خاوەن کار رێکدەخاتەوە، ماف و سەلامەتی کرێکاری نێوخۆیی و بیانیش دەپارێزێت، ھەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنێت، کاتەکانی کارکردن دیاری دەکات و مافی ژن و منداڵیش دەپارێزێت.



