پێگەی کەناڵی سۆمەریە نیوز ئاماژەی بەوەداوە کە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە لێدوانەکەیدا باسی لەوە کردووە ئامادەن بگەنە رێککەوتن سەبارەت بە پرسی نەوت و تیشکیشیان خستووەتە سەر ھۆشدارییەکەی لە وازھێنانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە نێوەندگیریکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم.

ھاوکات پێگەی بەغداد الیوم باس لەوەدەکات، کە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، رایگەیاندووە، یەکێتی سازش لەسەر کەرکوک ناکات و کەرکوک لە ھەموو کۆبوونەوەکان لە بەغداد ئامادەیە، داواشیکردووە پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتی دۆسیەی کەرکوک بێت، چونکە بە کارکردنی پێکەوەیی ئەنجامی باشتر بەدەستدەھێنن. 

بەشێک لە میدیا و پەیجە عێراقییەکانی تریش ئاماژەیان بە قسەکانی سەرۆکی یەکێتی کردووە سەبارەت بە دادگاکانی عێراق، کە سەربەخۆ و بێ لایەنن و سیاسییەکان ناتوانن دەستوەردانی تێدا بکەن.

بەشێکی تریش ئاماژەیان بەوەکردووە کە سەرۆک بافڵ وتویەتی، ھەر کاتێک عێراق باش بێت ھەمووان باش دەبن و لەگەڵ عێراقێکی یەکگرتوودان.