گۆتێرێس لە میانەی سەردانەکەی بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا دەیەوێت لە نزیکەوە لە رەوشی ئاوارەکان و گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆیان بکۆڵێتەوە. 

ھاوکات بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، گۆتێرێس بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.

دوێنێش گۆتێرێس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد رایگەیاند، ھانی ھەرێم دەدات لەگەڵ عێراق بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، لەسەر بودجە، یاسای نەوت و غاز رێکبکەون، رێککەوتنی شەنگالیش جێبەجێ بکەن، وتیشی، ھیوادارن بە زووترین کات ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت.