لوقمان وەردی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان وتاری فراکسیۆنەکەی خوێندەوە و داوایکرد حکومەت ھەنگاوی جدی بنێت بۆ باشترکردنی گوزەرانی ھاوڵاتیان و ناکرێت لەوەزیاتر باجی ناکۆکییە سیاسییەکان بدەن.

ئاماژەی بەوەکرد ، زیاتر لە نۆ ساڵە پرۆژەیاسای بودجە نەھاتووەتە پەرلەمان و پێویستە بەھەرشێوەیەک بووە بودجە بھێنرێتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی داھاتی کوردستان لەیەک خەزێنەدا کۆبکرێتەوە و بە یەکسانی دابەشبکرێت.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی داواشیکرد، رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکرێت و مووچە و قوتی ھاووڵاتیان نەکرێتە بەشێک لە ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.

لوقمان وەردی جەختی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن کردەوە و داوایکرد بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە بە سازانی نیشتمانی چارەسەربکرێن و گەرەنتی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەربکرێت.