بەپێی راگەیەنراوێکی پۆلیسی کەرکوک، بە سەرپەرشتی فەرماندەی پۆلیسی شارەکە سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە بەرپرسیاری ھێرشکردنە سەر پۆلیسێکی ھاتووچۆ بوون.

ھەر لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە چەمچەماڵ و قادرکەرەم بە ھەوڵی بەرێوەبەرایەتی ھەواڵگری و دژەتیرۆر دوو تۆمەتبار دەستگیرکران، ھاوکات بە ھاوکاری دەزگای دژە تیرۆر لە سلێمانی ،بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی چەمچەماڵ کەسی سێیەمیش دەستگیرکراوە. دەستگیرکراوەکان رادەستی بنکەی پۆلیسی ئازادی کراون.

رۆژی یەکشەممە تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە لەناو شاری کەرکوکدا سێ کەس لە ئۆتۆمبێلێک دادەبەزن، بە دەمانچە ھێرشدەکەنە سەر پۆلیسێکی ھاتووچۆ و ئازاری دەدەن، دوابەدوای رووداوەکەش سکاڵا تۆمارکراو دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارانی رووداوەکە دەرکرد.