د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "بۆیە؛ ئەمڕۆ، بەر لە سبەی داوا لە ھەموو تاک و دەستەو لایەنێکی ئەم کوردو کوردستانە، لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، دەکەم: بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ، بەگیانێکی لەخۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵکردنی یەکتر بدەن، گرنگ نییە چی لە یەکتر قبوڵدەکەن، یاخود نایکەن، گرنگ ئەوەیە یەکتر قبوڵبکەن."

لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەشکرووە، "خۆتان دەستی ئاشتەوایی بۆ یەکتر درێژبکەن، بۆ ئاشتی پرس بە کەس مەکەن، تێبگەن لەوەی کەستان ناتوانن ئەویترتان خاپور بکەن."

دەقی پەیامەکە...
پەیامێک بۆ یەکخستنی ئیرادەی نیشتمانیی

بۆ ھەموو کوردو کوردستاننشینان، لە ھەر کوێیەکی دنیا ھەن..
ھۆکاری سەرەکیی بێسەریی و بێئیرادەیی و بێدەوڵەتیی و تەواوی نەھامەتیی و کەوتن و شکست و پاشەکشەو لەتبونمان؛ ناکۆکییە ناڕەواکانمانن، قبوڵکردنی ھەموو ئەوای ترە بە دوژمنەکانیشمانەوە؛ جگە لە خۆمان، لە دوای تۆفانەوە بۆ لە دەستدانی نێوان دەریای قەزوین و دەریای ڕەش، بۆ مادو بۆ چاڵدێران و بۆ ناوبەرداشی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و شەڕی میرەکان و شەڕی براکان و بۆ ئەمڕۆ، بۆ شەڕی نێوان ھەست و نەستمان، چ لە سەر ئاستی خود، چ لەسەر ئاستی تاک، چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگاو دامەزراوە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و حیزبیی حکومیی و ئابوریی و ئارامیی و زانیاریی و دادوەریی و دبلۆماسییەکان؛ پەرت و کەرت و کەم و کورت و کووڕ بوین و؛ چاومان یەکتر نابینێت. 

مێژومان ئەزموننەکردووەو ھەزار گلان نەیکردوین بەسوار، نە سودمان لە شکستەکانمان بینیوە، نە توانیومانە سەرکەوتنەکان بپارێزین.بەردەوام ھەندێکمان دەبینە کلکی تەورو ئەوی ترمان دەبڕینەوە، شایی لایەکمان شینی ئەویترمان و کۆستی لایەکمان شادیی ئەویترمانە، خۆمان بێئەرزش و دوژمنانمان سەردار کردووە.

((ئەوانەی لە مێژووی ڕابردووی خۆیان بێئاگا دەمێننەوە، مەحکومن بەوەی؛ کە دووپاتی بکەنەوە))؛ ئێستا ئیتر، کاتی ئەوە درەنگبووە کە دەبێت بەئاگابێینەوە، دەسەڵات و داھات و فەخفەخەو فەنتازیاو لەزەت و شیرینیی و چەوریی دەسەڵاتدارێتیی؛ لەمەزیاتر فریومان نەدەن.

مانەوەو چارەنوسی کوردو کوردستان بە تەمەن و مانەوەو ژیانی کەسمانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵام بەیەکەوە دەتوانین ئەمڕۆو ئایندەیەکی باشترو سەروەریی زیاتر بۆ خەڵک و خاک و نیشتمانەکەمان و خۆمان؛ زامنبکەین، تاوان و کارەسات و ھەڵەو چەوت و چەوێڵییەکانی پێشوومان؛ ڕاستبکەینەوە، باری لاری سەرشانمان ڕێکبکەینەوە.

بە ناکۆکیشمان تەنھا قەدەری ژیانێکی شایستەتر؛ دوردەخەینەوە.

بۆیە؛ ئەمڕۆ، بەر لە سبەی داوا لە ھەموو تاک و دەستەو لایەنێکی ئەم کوردو کوردستانە، لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، دەکەم: بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ، بەگیانێکی لەخۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵکردنی یەکتر بدەن، گرنگ نییە چی لە یەکتر قبوڵدەکەن، یاخود نایکەن، گرنگ ئەوەیە یەکتر قبوڵبکەن، یەکتر ئاشتبکەنەوەو ئیرادەی نیشتمانیمان بەھێزبکەنەوە، لە کەلەڕەقیی و سەرکەشیی و سەرەڕۆیی و پەرتەوازەیی و جەمسەرگیریی؛ دور بکەونەوە.

خۆتان دەستی ئاشتەوایی بۆ یەکتر درێژبکەن، بۆ ئاشتیی پرس بە کەس مەکەن، تێبگەن لەوەی کەستان ناتوانن ئەویترتان خاپور بکەن.

ئیرادە و شکۆو مێژوو ڕەسەنایەتیی و قوربانیی و دەسکەوتەکانی کوردو کوردستانیان؛ لەمە وردوخاشتر مەکەن.

ئازابن، بەرپرسیارو جوامێر و دەستپێشخەرو لێبوردەو  بوێربن؛ 

پێش ئاگری نەورۆز، ئاگر لە ناکۆکییەکانتان بەردەن.

ئەگەرنا؛

ناکۆکییە ناڕەواکانتان؛ ئاگر لە ھەموو ڕەوایەتییەک بەردەدات.